دز و ساحێب ماڵ بەیەکەوە دەستگیرکران

964+

فەهمی نەبی

پۆلیسی سلێمانی سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە نووسینگەیەکی حەواڵەی پارەیان بڕیوە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کوڕێکی خاوەنی نووسینگەکە هاوکاری تۆمەتبارەکان بووە.

ئەو سێ کەسە لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوان لە ناو بازاڕ دەستگیرکراون، بڕی 40 ملیۆن دیناریان بردوو لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کارتی هێڵی ئینتەرنێت.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ی وت، “کوڕی خاوەنی نوسسینگەکە یارمەتی ئەو کەسانەی داوە بۆ بڕینی نووسینگەکە، لەگەڵ تۆمەتبارەکان ئەو کوڕەش دەستگیرکراوە کە تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵە”.

بە وتەی سەرکەوت ئەحمەد، “پێشووتر رووداوی لەم جۆرە تۆمارکراوە، بەڵام تەنیا حاڵەتە و دیاردە نییە”.

ئەو سێ تۆمەتبارە یەکێکیان تەمەنی 37 ساڵە و دووانەکەی دیکە تەمەنیان 22 ساڵە، بە پێی مادەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون، ئەمەش بەپێی راگەیەنراوی پۆلیس.