خەڵک بە دەبە ئاو لە فەرمانگەی ئاو دەبەن

کۆمپانیایەکی سووتەمەنی ئاو بۆ چەمچەماڵ دابین دەکات

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

بڕیارە لەمەودوا کۆمپانیایەکی بواری سووتەمەنی بۆ هەر رۆژێک دوو ملیۆن لیتر ئاوی خواردنەوە بە تانکەر بۆ چەمچەماڵ دابین بکات.

بڕیارە ئەو بڕە ئاوە لەلایەن هەریەکە لە کۆمپانیای کرسنت پترۆلیۆم و دانەغاز دابین بکرێت.

هەفتەی پێشوو، نوێنەری کۆمپانیای کرسنت پترۆلیوم و قایمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوبەری فەرمانگەکانی ئاو لەو قەزایە کۆبونەتەوە، بڕیاردراوە ئەو دوو کۆمپانیایە بۆ هەر رۆژێک دوو ملیۆن لیتر ئاو دابین بکەن.

ماوەی چەند ساڵێکە قەزای چەمچەماڵ دووچاری قەیرانی کەمئاوی بووەتەوە، بە جۆرێک نزیکەی 10 رۆژ جارێک، دوو کاتژمێر ئاوی خواردنەوە بە هاوڵاتیان دەدرێت، ئەمەش بە وتەی بەرپرسانی کارگێڕیی ئەو قەزایە، رۆژانە بڕی 20 بۆ 23 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دەگاتە چەمچەماڵ، لە کاتێکدا پێویستی بە 60 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە هەیە.

ئەم بێ ئاوییە وایکردووە، بەشێک لە هاوڵاتیانی چەمچەماڵ بۆ پێداویستیەکانی چێشتلێنان، بە دەبە و جلیکان ئاو لە فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ ببەن.

سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ بە 964ی وت، “بڕیارە سبەی یەکشەممە، لە رێگەی 15 بۆ 20 تانکەر ئاو بۆ چەمچەماڵ و ناحیەکانی دابین بکرێت، بە تایبەت بۆ ئەو ماڵانەی ئاوی بۆڕیان بۆ ناچێت لەگەڵ ئەو گەڕەکانەی بەراورد بە گەڕەکەکانی دیکە کێشەی کەمئاویان زیاترە”.

بڕیارە بۆ ماوەی دوو مانگ بە بڕی 270 ملیون دینار، بردنی ئاو بە تانکەر بۆ قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی بەردەوام بێت، ئەمەش بە وتەی ئەو سەرچاوەیەی ئاوی چەمچەماڵ.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی