وەزارەتی دارایی نهێنییەک بۆ 964 ئاشکرا دەکات


ژووری هەواڵ

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی لیستێکی موچەی بڵاوکردەوە بۆ مانگی حوزەیرانی 2023 بەڵام بە نیوە ناچڵی، ناوی نۆ وەزارەت و شوێنی حکومەتی تیادا نەبوو.

لیستە بڵاوکراوەکە هەریەک لە خانەنشینی پێشمەرگە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، رۆشنبیری، کارەبا، خوێندنی باڵا و شارەوانی و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی تیادا نییە.

964 سۆراغی کرد تاوەکو بزانێت هۆکارەکە چییە؟ بۆی دەرکەوت کورتهێنان لە بودجەدا هەیە و دیاریش نییە چۆن چارەسەر دەکرێت.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ 964ـی باسکرد، هۆکاری نەنووسینی تەواوی وەزارەت و شوێنەکان لە لیستەکەدا کورتهێنانە لە پارەی تەرخانکراو بۆ موچە بە بڕی 320 ملیار دینار، بەڵام لە زووترین کاتدا لیستێکی تەواوکاری بڵاودەکەنەوە.

سەبارەت بە کورتهێنانەکە، ئەو باسی لەوەکرد، کە هێشتا نازانن چۆن چارەسەر دەکرێت، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی وەزیران کۆببێتەوە و چارەسەری بکات.

964 لێی پرسی ئەو کورتهێنانە بە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە؟ هونەر جەمال وتی، باوەڕ ناکات داهاتی ناوخۆ بتوانێت ئەو “کورتهێنانە زۆرە” پڕبکاتەوە.