دیمەنێک کە دراوی 25 هەزار دیناری عێراقی نیشان دەدات - وێنە: 964
کەی نیو لیستەکەی تری موچە بڵاودەکرێتەوە؟
هونەر فارس
ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لیستێکی موچەی بۆ مانگی حوزەیرانی 2023 بڵاوکردەوە کە ناوی هەموو وەزارەت و شوێنەکانی تیادا نییە، لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتەکە بە 964ـی وت، بەزووترین کات لیستێکی دیکە دێت.
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وتیشی، هۆکاری نەنووسینی تەواوی وەزارەت و شوێنەکان لە لیستەکەدا کورتهێنانە لە پارەی تەرخانکراو بۆ موچە بە بڕی 320 ملیار دینار، بەڵام لە زووترین کاتدا لیستێکی تەواوکاری بڵاودەکەنەوە.
وتیشی، “دەبێت ئەنجومەنی وەزیران چارەسەری بکات و جارێ نازانین چۆن ئەو کورتهێنانە پڕبکەینەوە”.
لیستە بڵاوکراوەکە هەریەک لە خانەنشینی پێشمەرگە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، رۆشنبیری، کارەبا، خوێندنی باڵا و شارەوانی و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی تیادا نییە.