دیمەنێک لە یەکتربڕی باخی بەختیاری. وێنە: 964
سلێمانی.. یەکشەممە یەکتربڕی باخی بەختیاری دەکرێتەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانى
کارەکانی بەشی سەرەوەی یەکتربڕی باخی بەختیاری تەواو بووە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، بە ئەگەرێکی زۆر رۆژی یەکشەممە دەکرێتەوە.
هێمن جەلال، سەرپەرشتیاری پڕۆژهى یەکتربڕی باخی بەختیاری بە 964ـى وت، ماوەی هەفتەیەکە قیڕتاوکردنی بەشی سەرەوەی یەکتربڕی باخی بەختیاری تەواوبووە، جۆینتەکانی کۆنکرێت کراوە چاوەڕێی وشکبونەوەی ئەوەن.
وتیشى “بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی یەکشەممەى داهاتوو سایدی هاتن بەرەو سلێمانی دەکرێتەوە، بۆ رۆژی دواتریش سایدی دهرچوون لە سلێمانییهوه، دەکرێتەوە”.
جۆینتەکان بۆ پتەوبونیان پێویستیان بە ماوەی سێ رۆژ هەیە، رۆژی یەکشەممە دەپشکندرێت و بڕیاری لهسهر دەدرێت.
پاش کردنەوەی بەشی سەرەوە، دەست دەکرێت بە کارکردن لە بەشی خوارەوەی یەکتربڕەکە.
پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری، بڕی 12 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، لە رۆژى 30.8.2022ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن