ژماردنی دۆلار لەیەن کەسێک لە بازاڕەكانی دۆلار لە كوردستان _ وێنە: 964
بانکی ناوەندی خستنەڕووی زیادکرد و دۆلاریش زیاتر دابەزی
964+
فەرمان سادق
بەراورد بە دوێنێ بانکی ناوەندی نزیکەی حەوت ملیۆن دۆلاری زیاتر خستە بازاڕەوە و بەهای دۆلاریش زیاتر دابەزی.
بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.8.2023، بانکی ناوەندی 220 ملیۆن و 186 هەزار و 13 دۆلاری فرۆشتووە، لەم بڕەدا 53 ملیۆن و 280 هەزار دۆلاری بۆ ناوخۆ بووە و 166 ملیۆن و 906 هەزار و 13 دۆلاریشی بۆ حەواڵەی بازرگانی دەرەکی بووە.
بەراورد بە دوێنێ چوارشەممە، بانکی ناوەندی شەش ملیۆن و 780 هەزار دۆلاری بۆ بازاڕی ناوخۆ زیاد کردووە، ئەمەش بە قسەی کاسبکارانی بازاڕی بۆرسەی دراو کاریگەری بەسەر دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار هەبووە.
کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بۆرسەی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، بەراورد بە دوێنێ بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار زیاتر لە هەزار دینار دابەزیوە.
دەشڵێت: بەهای 100 دۆلار ئێستا بەرامبەر بە 150,600 دینارە، چاوەڕوان دەکرێت ئێوارە بۆ 150 هەزار دینار دابەزێت.
زیاتر وتیشی “دوو رۆژی رابردوو بانکی ناوەندی بڕێکی زۆری دۆلاری خستە بازاڕەوە، ئەمەش وایکردووە دینار لە بازاڕ کەم بکات بۆیە ترسێک هەیە لە زیاتر دابەزینی ئەمەش وایکردووە بەهای دۆلار زیاتر دابەزێت نەک هەڵکشێت بەهۆی نەخستنەڕووی دۆلارەوە لە رۆژانی هەینی و شەممە لەلایەن بانکی ناوەندی”.
بۆرسەی دراوی هەولێر:
فرۆشتن: 100 دۆلار بەرامبەر بە 150,600 دینار
کڕین: 100 دۆلار بەرامبەر بە 150,300 دینار