ئەم کارەیان بۆ قازانج کردووە
ژمارەیەک هاوڵاتی: بە فێڵ ئۆتۆمبێل و پارەمان خوراوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ژمارەیەک هاوڵاتی لە سلێمانی دەڵێن، چەند کەسێک بەناوی کۆمپانیای حەج و عومرەوە فێڵی لێکردوون و پارەیان خواردوون، ئەو کەسانەشی ئەو کارەیان کردووە دیار نین و دەستگیرنەکراون.
بەپێی قسەی ئەو هاوڵاتییانە، ئەو کەسانە ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لێیانوەرگرتوون و وتویانە، “چوار سەد دۆلار زیاترتان دەدەینێ.”
بەرزان جەمال کە یەکێکە لەوانەی دەڵێت هەڵخەڵەتاوە و دوو هەزار دۆلاری خوراوە، بە 964ـی وت: ئەو کەسە وتی بۆ ماوەی دوو مانگ چاوەڕێ بکە و دواتر پارەی ئۆتۆمبێلەکەشت دەدەینەوە.
بەرزان جەمال وتیشی: ئەو کەسانە کۆمپیالە و دەستنووسی ساختەی کردووە و مۆری ساختەی کۆمپانیایەکی حەج و عومرەی هێناوە و ئێمەش نەمانزانیوە پێی هەڵخەڵەتاین.
ئەو هاوڵاتییە، دەڵێت رەنگە نزیکەی 100 کەس ببن کە بەم باندە هەڵخەڵەتاوون و کەسیان تێدایە دەفتەرێک دۆلاری خوراوە، هەشە پێنج دەفتەر دۆلار خوراوە
ئەو هاوڵاتیانە داوای ئەوە دەکەن، ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن، چونکە لە بنکەی پۆلیس داواکانیان وەرناگیرێت بەهۆی ئەوەی تەنیا کۆمپیالەیان پێیە.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا