هیندستان ئێستا برا گەورەی جیهانە

964+

ژووری هەواڵ

هیندستان بەڕەکەی لە ژێر پێی چین راکێشا و لەسەر لوتکەی گەورەترین وڵاتی جیهان لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە، وەستا
لەوەتەی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتووانی وڵاتانی جیهان رادەگەیەنێت، چین هەر لە پلەی یەکەمدا بووە، بەڵام وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا، هیندستان گرەوەکەی لێبردەوە و بووە یەکەم.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر رایگەیاندبوو، مەزەندە دەکەن هەتا ناوەڕاستی ئەمساڵ هیندستان ببێتە وڵاتی ژمارە یەک لە رووی زۆری دانیشتووانەوە، مەزەندەکە وەک خۆی دەرچوو.
ئێستا لە مانگی ئابی 2023 ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بریتییە لە یەک ملیار و 429 ملیۆن و 734 هەزار کەس، لە بەرامبەردا چین بە نزیکەی چوار ملیۆن کەس کەوتە دوای هیندستانەوە.
لە حەفتا ساڵی رابردوودا لەوەتەی نەتەوە یەکگرتووەکان داتای دروست بڵاو دەکاتەوە، چین لە پلەی یەکەمدا بووە و بەردەوام ژمارەی دانیشتوانی چین زیاتر لە 200 ملیۆن لە پێش هیندستانەوە بووە، بەڵام ساڵی پار بە نزیکەیی هەردوولا هاوتا بوونەوە و ئەمساڵ هیندستان پێشکەوت، مەزەندە دەکرێت هەتا ساڵی 2100 هیندستان 200 ملیۆن بکەوێتە پێش چینەوە.
ساڵی 1979 چین یاسایەکی دەرکرد، کە هیچ دایک و باوکێک بۆی نییە زیاتر لە منداڵێکیان هەبێت، بەڵام ساڵی 2015 یاساکە هەڵوەشایەوە و ئێستا تا سێ منداڵ رێپێدراوە، بەڵام بە کۆت و بەندەوە.
حکومەتی چین رایگەیاند یاساکەیان هۆکار بووە بۆ ئەوەی نەهێڵێت 400 ملیۆن کەس بۆ دانیشتوانی چین زیاد بکات.
بەڵام لە هیندستان هیچ یاسایەک نییە رێگری بکات لە وەچە خستنەوە، بۆیە وا بە خێرایی پێش چین کەوتەوە.
هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان بە روون و رەوانی دانی بەوەدا ناوە داتاکانی هیندستان تەنیا مەزەندە کراون، چونکە حکومەتی ئەو وڵاتە رێیان نادات زانیاری راست و دروست دەست بخەن.