تایەفرۆشەکانی ئیدارەی محەلی دەبێت چۆڵی بکەن

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لیژنەی هاوبەشەکانی قایمقامیەتی کەرکوک کە پێیان دەوترێت لیژنەی زیادەڕۆیی، بە تایەفرۆشەکانی ئیدارەی محەلیان وتووە، “بە زوویی چۆڵی بکەن”.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزێکی سەربازی چوونەتە بازاڕی تایەفرۆشانی ئیدارەی مەحەلی و مۆڵەتی سێ رۆژیان پێداون بۆ ئەوەی چۆڵی بکەن.

بازاری تایەفرۆشانی ئیدارەی محەلی سەر بە یانەی وەرزشی سەورەیە، ئەو هێزە تەنانەت کارەبای مۆلیدە و نیشتمانیشیان بڕیوە.

ئەنوەر ئەحمەد، یەکێکە لە دوکاندارەکانی بازاری تایەفرۆشان بە 964ی وت، “دوکانەکانمان موڵکی یانەی وەرزشیی سەورەن، ئەمڕۆ بە هەمەری سەربازییەوە لیژنە زیادەڕۆییەکانی قایمقامیەت ئاگاداریان کردینەوە، کە دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا چۆڵی بکەین، بیانووەکە ئەوەیە دراوە بە وەبەرهێنەر”.

ئەو دوکاندارە ئەوەشی وت، دوکانەکان بژێوی ژیانی زیاتر لە 300 خێزانی لەسەرە.

فەلاح یایچی قایمقامی کەرکوک بە 964ی وت، “ئێمە بڕیاری وەزارەتی وەرزش و لاوان و لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ دەکەین، ئەوە بڕیارە دەبێت جێبەجێ بکرێت، بەردەوام دەبین لە هەر شوێنێک زیادەڕۆیی هەبێت دەیڕووخێنین”.

شەوقی فەرەج ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی سەورە بە 964ی وت، “زیاتر لە 100 دوکان دەبێت بەبێ ئاگاداری ئێمە دراوە بە وەبەرهێنەر و رێکەوتن کراوە لە نێوان دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی وەرزش و لاوان”.

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی وتیشی، وەبەرهێنەر یاریگەی بچوککراوەی فوتساڵ و مەلەوانگەی یانەکەی رووخاندووە و کردوونی بە دوکان.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی