لەبارەی گروپە چەکدارەکان چی وتراوە؟

هەرێم لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی دەرەوە کۆبوویەوە؛ پێشوازی لە ئاگربەست دەکەین

964+
ئەحمەد مستەفا

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانی کۆکردەوە و رایانگەیاند، پێشوازی لە ئاگربەستی ئێران لەگەڵ ئەمریکا دەکەن، وە باسیان لە هێرشی گروپە چەکدارەکان کردووە.

فەرمانگەکە بە ئۆنڵاین کۆبوونەوەکەی ئەنجامداوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 8.4.2026 لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەرپرسی فەرمانگە، سەفین دزەیی، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد و جەختی لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم کردەوە کە هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری ناوەچەکەیە،

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بووە، کە ئەو بە لە یاسا دەرچوو ناوی بردووە و دەڵێ، بۆ دروستکردنی ئاژەواوە و تێکدانی سەقامگیری هەرێم و عێراق و ناوچەکە کردوویانە، کە بە داخەوە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتیانى هەرێم شەهیدو بریندار بوون لە کاتێکدا کە هەرێمى کوردستان لە سەرەتاوە خۆى بەدوور گرت و نەبووە بەشێک لە شەرو ململانێکان.

ئەمە دەقی راگەیەندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی لەگەڵ نێردە دیپلۆماسیەکان لەهەرێم ئەنجامدا
بۆ باسکردن لە رەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و کاریگەرییەکانى شەڕو ململانێى ناوچەکە لەسەر هەرێم و چەند پرسێکى پەیوەست بە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێرو بەغدا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ئامادەبوونى دەستەى راوێژکاران کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی لەگەڵ نێردە دیپلۆماسیەکان لەهەرێم ئەنجامدا.
سەفین دزەیی، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد و جەختی لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم کردەوە کە هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری ناوەچەکەیە، هیوای خواست کە ئارامی و ئاشتی لەناوچەکدا بەرقەرار بێت. و شەڕ و گرژیەکان کۆتاییان بێت. هەروەها هەوڵی گشت ئەو وڵاتانەی کە ڕۆلیان گێڕا بۆ ئەم ئاگربەستە بەرز نرخێندرا.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی ئاژەواوە و تێکدانی سەقامگیری هەرێم و عێراق و ناوچەکە. بە داخەوە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتیانى هەرێم شەهیدو بریندار بوون لە کاتێکدا کە هەرێمى کوردستان لە سەرەتاوە خۆى بەدوور گرت و نەبووە بەشێک لە شەرو ململانێکان. هاوکات بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کراونەتە سەر نێردە دیپلۆماسیەکان لە هەولێر و بەغدا و بەسڕا.
لە تەوەرێکی تردا، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە دوایین پێشووەچوونەکانى سەبارەت بە پەیوەندى نێوان هەولێرو بەغداو هەوڵەکان بۆ چارەسەرى گرفتەکان خستەڕوو.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سوپاسى هەماهەنگى ولاتانى دۆستى وەک تورکیا و ئیمارات و سعودیە و ئەردەن کرا لە پرۆسەی گەڕانەوەى ئەو هاوڵاتیانەى بە هۆى وەستانى گەشتە ئاسمانییەکان گیریان خواردبوو.
بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە، ئاماژەی بە یادکردنەوەی پرۆسەی ئازادی عیراق کرد لە رێککەوتی 9/4/2003 کە لە ئەنجامدا کۆتایی بە رژێمی ستەمکاری بەعس لە عیراق هات وە بۆ ئەم مەبەستە سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد کە رۆڵی بەرچاویان هەبوو لەو گۆڕانکاریەدا.
لەلای خۆیانەوە، بەشێک لە نێردەکان پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان کرد بۆ هاوکارى و پێشکەشکردنى ئاسانکاری هاتووچۆیان لەماوەی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە.