شەڕی نازناو دەکات
راهێنەری برایەتی گرێبەستەکەی نوێکردەوە
964+
هێژا خەسرەو – هەولێر
لە وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستاندا، یانەی برایەتی بە تیپێکی لاو و مامناوەند بەشداریکرد و ئەنجامەکان بە دڵی دەستەی کارگێڕی یانەکە بوو.
بۆ ئەم وەرزەش کۆبوونەوەی یانەکە ئەنجامدراوە و سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە متمانەیان بە راهێنەری لاو و ئاستبەرزی یانەکەیان هێور مستەفا بەخشییەوە، کە لە وەرزی رابردووشدا راهێنەری یانەکە بوو، ئاست و ئەنجامەکانیشی لە ئاست داخوازییەکانی تیپەکەی بوو.
هێور مستەفا، دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی راگەیاند، “هیچ کێشەیەک لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەمدا نەبوو ئەمە ویستی هەردوولامان بوو، یانەکەم دڵنیادەکەمەوە کە لە ئاست داواکارییەکانیاندا بم، بۆ وەرزی نوێ تیپێکی زۆر باشتر لە وەرزی رابردوودا دەبینن”.
راهێنەرە لاوەکە زیاتر وتی، بۆ ئەمساڵ دەمانەوێت یەکێک بین لە بەهێزترین تیپەکان، دەمانەوێت لە رکابەرییەکاندا بین، بۆ ئەم مەبەستە قسەم لەگەڵ دەستەی کارگێڕی یانەکەم کردووە و چەند یاریزانێکی نوێ دەگوازینەوە ناو تیپەکەمان و لە ناویاندا یاریزانی پیشەگەریش هەن، بەڵام جارێ دەستنیشنمان نەکردوون.
راهێنەرە بەتواناکەی برایەتی دەڵێت، بەنیازم تیپێکی تێکەڵە لە یاریزانی لاو، یاریزانی بە ئەزموون و یاریزانی پیشەگەر درووستبکەم، تیپەکەمان ناو و مێژووی هەیە و دەمانەوێت ئەم بەرپرسیاریەتیە گرنگە هەڵبگرین.
لە وەرزی رابردوودا، برایەتی تیپێکی بەبێ گرێبەست ئامادەکردبوو، سەرجەم یاریزانان تەنیا بە مووچە یارییان دەکرد و بەشێکی یاریزانەکانیش یاریزانی لاو بوون، لە کۆتایی وەرزیشدا پلەی نۆیەمی خولەکەیان بەدەستهێنا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی