وەزیری جەنگی ئەمریکا:

“لە هەمووکات زیاتر لە سەرکەوتن نزیک بووینەتەوە”

شۆڕش قادری

وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێت، لەئێستادا  و لە جەنگی ئێران، لە هەمووکات زیاتر لە سەرکەوتن نزیک بوونەتەوە.

پێت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “هێزەکانمان توانای کوشندەیان هەیە و فڕۆکەوانەکانمان بە لێهاتوویەکی زۆرە لە ئێران دەدەن، لە ئێستاشدا لە هەمووکات زیاتر لە سەرکەوتن نزیک بووینەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شەڕە پەیوەستە بە مێژوو و میراتەوە و سەرکەوتن تیایدا زۆر گرنگە بۆیان.

هێگسێت نەیشاردەوە کە بەهۆی داخستی تۆڕەکانی ئینتەرنێت، ناتوانن وێنە و دیمەنەکانی ناوخۆی ئێران وەک خۆی ببینن، دووپاتیشیکردەوە، بەردەوام دەبن لە لەناوبردنی تواناکانی تاران بۆ بەرهەمێنانی موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تا ئەو کاتەی بەتەواوەتی بە ئامانجەکەیان دەگەن.

هاوکات دان کەین سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد، 150 کەشتی ئێرانیان لەناوبردووە و هێرشەکانیشیان بۆ سەر بنکەکانی پیشەسازی بەرگری ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.