"دەچێتە خانەی كاری تیرۆریستی"

عێراق بەئامانجگرتنی نێردە دیبلۆماسییەكان بە شەرمەزاربوونی خۆی دەزانێت

فەرهاد حەسەن

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە بەئامانجگرتنی نێردە دیبلۆماسییەكان و باڵیۆزخانەكان بەردەوامن و ئاماژەی بەوەشكرد كە هێرشەكان رەنگە ببنە هۆی گۆشەگیركردنی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنانەی كە تێیدا هێرش دەكرێتە سەر نێردە دیبلۆماسییەكان و باڵیۆزخانەكان كراوە، بەردەوامن و روونیشیكردەوە كە لە ئێستادا گونجاو نییە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا بكرێن.

ویشی “سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەم كارانەی خستوەتە چوارچێوەی كارەكانی دژەتیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005، هەربۆیە ئەمانە كاری تیرۆریستین و سەركۆنە دەكرێن، چونكە دەبنە هۆی شەرمەزاركردنی عێراق و تێكدانی پێگەی دیبلۆماسی و دەكرێت ببنە هۆی گۆشەگیركردنی لە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا”.

ئاماژەی بەوەشدا، حكومەت هەمیشە كاریكردوە بۆ گێڕانەوەی پێگەی نێودەوڵەتی عێراق و ئەوەی كە كاریگەر بێت و ببێتە بەشێك لە چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە.

سەباح نوعمان دەشڵێت “عێراق لە ساڵانی رابردوودا پۆستی گرنگی وەرگرتوە، لەوانە سەرۆكایەتی لوتكەی عەرەبی و سەرۆكایەتی هەندێک دەستەی نێودەوڵەتی گرنگ، ئەمەش پێگەكەی و روانینی جیهان بۆ رۆڵە كاریگەرەكەی بەهێزتر دەكات”.

پێشتریش، بەرپرسێك لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بە ئاژانسی فڕانس پرێسی راگەیاندبوو، كۆمەڵگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كە ناوەندێكی پشتیوانی لۆجیستی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە پایتەختی عێراقی تێدایە، شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە رووبەڕووی هەشت هێرش بە موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بوەتەوە.

بەرپرسەكە باسی لە “هەشت هێرش لە كاتی جیاوازدا كرد كە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەكشەممە) بە موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەردەوام بون و بەشێك لە موشەكەكان لە دەوروبەر و نزیك (ناوەندی پشتیوانی لۆجیستی) كەوتونەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی لێ بكەوێتەوە”.