تەنیا 25 هەزار بۆ حکومەتە

لە هەر پاسپۆرتێک 66 هەزار دینار بۆ کۆمپانیایەک دەڕوات

964+

بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی لە پاسپۆرتی هەولێر و سلێمانی بڕی 91 هەزار دینارت لێ وەردەگرن، بەڵام لە بەرامبەردا پسوڵەیەکت دەدەنێ بە 25 هەزار دینار، واتە 66 هەزار دینار لەسەر وەسڵ چارەنووسی دیار نییە.

چەند کەسێک لەوانەی ئەم چەند رۆژە لە هەولێر و سلێمانی پاسپۆرتیان دەرهێناوە بە 964یان وت، کە چوون پاسپۆرت دەربهێنن بە ماستەر کارد و ڤیزا کارد بڕی 91 هەزار دیناریان لێ وەرگیراوە، بەڵام لە بەرامبەردا وەسڵێکیان دراوەتێ لەسەری نووسراوە 25 هەزار دینار.

بۆ راست و دروستی 964 نموونەی پسوڵەکانی بینی و ساغیکردنەوە و ئەوەشی زانی، لە هەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی پاسپۆرتی ئەلکترۆنیان تێدا دەردەکرێت لە هەموو عێراق بە هەمان شێوەیە.

عەقید مەریوان عەبدولسەلام بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر زانیارییەکانی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، ”هەموو پارەکە راستەوخۆ دەچێتە سەر حیسابی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەڵام حکومەتی عێراقی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە رێککەوتووە، کە پاسپۆرتەکە دروست دەکات، لە هەر پاسپۆرتێک بڕی 66 هەزار دینار بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و بڕی 25 هەزار دینار بۆ حکومەتی عێراقییە، هەر لەبەر ئەوەیە پسوڵەی 25 هەزاری دەدرێت بە هاوڵاتیان”.

دەنگۆیەک هەبوو، کە بۆ ماوەی بیست ساڵ کۆمپانیاکە ئەو بڕە پارەیە وەردەگرێت، بەڵام 964 نەیتوانی ئەوە ساغ بکاتەوە و عەقید مەریوان وتی ”زانیاریم نییە کە ماوەی گرێبەستەکەی حکومەتی عێراقی و کۆمپانیاکە چەندە”.