هەولێر بووەتە پایتەختی مەولود

سبەی لە 6224 مزگەوت یادی مەولود دەکرێتەوە

ئەحمەد شەمزین -هەولێر

سبەی سێشەممە لە هەموو کوردستان لە 6224 مزگەوت یادی مەولود دەکرێتەوە، بەڵام یادە گەورەکە لە لای باخی شار دەبێت لە نزیک قەڵا.

زانیارییەکە نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە 964ی وت، باسی ئەوەی کرد کە خەڵکی لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و بگرە لە عێراقیشەوە دێنە هەولێر بۆ ئەوەی یادی مەولود بکەنەوە، ئێستا هەولێر بووەتە پایتەختی مەولود لە هەموو جیهاندا.

نەبەز ئیسماعیل داوای لە خەڵکی شار کرد کە سبەی ژینگە بپارێزن و وتی ”داوا دەکەم پەیامی پێغەمبەر درودی خوای لێبێت جێبەجێ بکەن، نیشتیمان و ژینگەیان خۆش بووێت و نەهێڵن ژینگە پیس ببێت”.

کاتێک پەیامێری 964 لێی پرسی ئەو خۆشەویستییەی خەڵکی هەولێر چییە بۆ مەولود، نەبەز ئیسماعیل وتی ”ئەو خۆشەویستییە بۆ 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین، ئیتر ئەمە بووەتە کەلتوورێکی جوانی هەولێرییەکان”.