حەوت گوند داوای شەش کیلۆمەتر قیر دەکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
حەوت گوندی ناحیەی گەرمک لە پێنجوێن، گردبوونەوە و داوای قیرکردنی رێگای گوندەکانیان دەکەن.
بەرێوبەری ناحیەکە، پێی وتوون دیداریان لەگەڵ وەزیر بۆ رێکدەخات.
گوندەکان کە ژمارەیان نزیکەی 200 ماڵ دەبێت، پێکهاتوون لە (کانی بی، لەنگەدێ، چاڵاو، شێرزاد، دارۆخان، کانی دارۆخان و هاربڕ) کە سنوری رێگەکە لەنێوان هەردوو گوندی کانی بی و دارۆخاندایە.
ئەم گوندانە دەکەونە سنووری ناحیەی گەرمک لە سنووری قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی و زۆرینەیان سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین.
ئەمرۆ سێشەممە 1.8.2023 داود ئەحمەد، دانیشووی گوندی دارۆخان بە 964ی وت، “هاتوچۆی حەوت گوند دەکەوێتە سەر رێگەگە، چەندینجار خۆمان چاڵ و چۆڵی ناوچەکەمان پڕکردووەتەوە، بەڵام کەڵکی هاتوچۆی نەماوە”.
وتیشی، “ئەمرۆ پاش گردبوونەوەکەیان بەڕێوبەری ناحیەی گەرمگ لەگەڵیان کۆبووەتەوە، بەڵێنی ئەوەی پێداون کە دیداریان لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە بۆ رێکبخات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی