دیمەنی کارکردن لەیەکێک لەو شەقامانەی کە لە سلێمانی دروست دەکرێت. وێنە: شارەوانی سلێمانی
دوو گەڕەکی سلێمانی بە شەقامی نوێ دەبووژێنرێتەوە
توانا نەقی
هەریەک لە گەڕەکەکانی چوارچرا و کارێزەوشک چەند شەقامێکی دووسایدی بۆ دروستدەکرێت و دەبووژێنەوە لە رووی رێگاوبانەوە.
شەقامەکان شەقامی 30 مەتری و 20 مەتری و 15 مەترییە بە دێژی جیاواز و سەرجەمیشیان دووسایدن.
پرۆژەکان لەسەر ئەرکی کۆمپانیایەک و وەبەر هێنەرێکەوە جێبەجێ دەکرێن.
زەردەش رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، شەقامەکان دەکەونە هەردوو گەڕەکی چوارچرا و کارێزە وشک و لەسەر ئەرکی کۆمانیایەک و وەبەر هێنێک لەژێر سەرپەرشتی شارەوانی دروستدەکرێت.
ئەندازیار کارزان تاڵب، سەرپەرشتیاری هەردوو پرۆژەکە بە 964ـی وت، دروستکردنی شەقامی 30 مەتری کارێزەوشک بە درێژی 550 مەتر لە پارکی ئازادییەوە تا لای شوقەکان، شەقامێکی 20 مەتریش هەر لەو گەڕەکە بە درێژایی 850 مەتر لە گەڕەکی سورێنەوە تا سەر شەقامی 60 مەتری.
وتیشی، لە گەڕەکی چوار چرا شەقامێکی 30 مەتری دروستدەکرێت، کە نزیک ئەلبیسەکەی سلێمانی لەگەڵ شاردنەوەی فیدەر و عامودی کارەباکانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ راکێشانی تۆڕی ئاو و دروستکردنی بلوار و سەوزایی.
گوژمەی پرۆژەکەی کارێزە وشک دوو ملیار دینارە و ئەوەی گەڕەکی چوارچرا 4 ملیار و 544 ملیۆن دینارە، ماوەی پرۆژەکانیش دەبێت لەماوەی 360 رۆژدا تەواوبکرێن، کارزان تاڵب وای وت.