150 هەزار مەتر دووجا قیرتاو کراوە
شارەوانی سلێمانی قیرتاوکردن نادات بە بەڵێندەر
964+
پێشەوا محەمەد
بە مەبەستی خێراترکردنی قیرتاوکردنی کۆڵان و شەقامەکان، شارەوانی سلێمانی پڕۆسەکە ناداتە بەڵێندەر و لە رێگەی تیمەکانی خۆیەوە کارەکە دەکات.
لە مانگی پێنجەوە تا ئێستا 150 هەزار مەتر دووجا لەناو شاری سلێمانی قیرتاو کراوە.
ساڵی رابردوو شارەوانی سلێمانی 300 هەزار مەتر دووجا قیرتاوی کردووە و دەیەوێت ئەمساڵ زیاتر بکات.
“کارەکە کە لە لایەن تیمەکانی شارەوانییەوە سەرپەرشتی بکرێت خێراتر دەبێت و زووتر رادەپەڕێندرێت، ئێمەش ویستمان تا وەرزی ئیشکردن هەیە قیرتاوکردن خێراتر بێت”، ئەوە قسەی زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانییە بۆ 964.
کارگەی قیری تانجەرۆ، کارگەی تایبەتی شارەوانیی سلێمانییە. ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی یەک تا کۆتایی مانگی سێ بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە لە بەرهەمهێنان دەوەستێت و سەرجەم ئەو قیرەی شارەوانی بەکاری دەهێنێت لەوێوە بەرهەمدەهێندرێت.