لە هەولێر قوتابخانەیەکی نوێ کرایەوە
+964
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، قوتابخانەیەکی 18 پۆلی بنەڕەتی لە گەڕەکی ژینی هەولێر کردەوە ، قوتابخانەکە سەر بە پەروەردەی دەشتی هەولێر دەبێت، بۆ وەرزی نوێی خوێندن 2023 ـ 2024 خوێندنی تێدا دەبێت.
قوتابخانەکە لە دوو نهۆم پێکهاتووە، لە نهۆمی یەکەم دوو تاقیگەی تێدایە، لە نهۆم دووەم دوو تاقیگەی دیکەی هەیە، مامۆستایان و قوتابیان لێوەی سوودمەند دەبن .
محەمەد قاسم، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بە 964ـی وت، ” قوتابخانەکە لەسەر رووبەری 11 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، گوژمەکەی لە لایەن کۆمپانیای هەپیلاندی خێرخوازی، کە 2 ملیار و سەد ملیۆن دینار بووە دابینکراوە”.
قوتابخانەکە دوو ژووری کۆمپیوتەری تێدایە، مانگی 3 ـی ساڵی 2022 کارکردن تێدا دەستیپێکردووە، لە 1.7.2023 کارەکانی تەواو بووە، بۆ وەرزی نوێی خوێندنی ئەمساڵ، بڕیارە دوو دەوامی تێدا بکرێت، هەزار و 200 قوتابی لە خۆ دەگرێت.
بە پێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی ههرێم، لە ماوەی شەش تا حەوت مانگی داهاتوو دەیان قوتابخانە لە هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی ههرێم دەکرێنەوە و دەکەونە بواری خزمەتەوە، ههروهها 1503 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە، 453 ژووری نوێی خوێندن دروستکراون، بڕیارە 16 قوتابخانەی دیكهش لە کفری نۆژەن بکرێنەوە.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا