"سبەی کارا دەبێت"
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێویستی بە کارمەندە
964+
فەهمی نەبی
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لینکی وەرگرتنی کارمەندی چاودێری رۆژی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند رۆژی پێنجشەممە، ئەو لینکە کارا دەکەن و هەریەکە لە فەرمانبەران، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و دەرچووانی زانکۆ دەتوانن ئەو فۆرمە پڕبکەنەوە.
ئەحمەد مازن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە 964ی وت، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ بەشداری هاوڵاتیانی هەرێم لە پڕکردنەوەی ئەو فۆرمە.
بە گوێرەی رێنماییەکانی کۆمسیۆن فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و دەرچووانی ناوچەکانی مادەی 140 دەتوانن ئەو لینکە پڕبکەنەوە، وەک کەرکوک، موسڵ، مەخمور و خانەقین.
رێنماییەکانی کۆمسیۆن دەریدەخات، فەرمانبەران حکومەت دەتوانن فۆرمەکە پڕ بکەنەوە، بەڵام ئەوانەی لە بواری سەربازیدا کارمەندن ناتوانن ئەو فۆرمە پڕبکەنەوە.
زانیاریەکانی 964 ئەوەیە، کۆمسیۆن بۆ رایکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستی بە 250 هەزار کارمەند هەیە و هەر کارمەندێک لە پاداشتی چاودێریی رۆژی پرۆسەکە 250 هەزار دینار وەردەگرێت.
بڕیارە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەبێ هەرێمی کوردستان.
لەم لینکەوە دەتوانن فۆرمەکە پڕ بکەنەوە.