شۆفێرانی تاکسی ئاگاداربن

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

هەر شۆفێرێکی تاکسی ناو شار سەرنشین بباتە دەرەوەی شارغەرامە دەکرێت، وە بە پێچەوانەشەوە، تەکسی دەرەوەی شار بۆی نییە لە ناو شارەکاندا هاتوچۆ بە سەرنشین بکات.

 ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێران لە سلێمانی بە +964ی راگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٣ کە بڕیاری دەرکردنی لۆگۆ درا سەرجەم شۆفێرانی تاکسی ئاگادارکرانەوە ئەگەر خەتی دەرەوەی شاری هەبێت بۆی نییە لەناو شار کاربکات و بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر شۆفێرێکی تاکسی ناو شار سەرنشین بباتە دەرەوەی شار ئەوا دوای سێ ئاگادار کردنەوە بڕی ٧٥٠ ھەزار دیناری لێوەردەگیرێت، گەر تاکسیەکی دەرەوەی شار سەرنشین بباتت بۆ شارێکی دیکە کە ھێڵی ئەوێی نەبێت ئەوا بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دیناری لێوەردەگیرێت.

 باسی ئەوەشیکرد، شۆفێرانی دەرەوەی شار کاتێک لە ھەولێرەوە دێن دەبێت تا بەردەم ماجیدی مۆڵ بێت و لەوێ دایانبەزێنن، گەر لە شارەزووریشەوە بێن ئەوا تا فولکەی مامەڕیشە ئاساییە سەرنشین بێنن.
ئازاد ئەحمەد دەڵێت، هەر تەکسییەکی تایبەت یان ناسراو لەلایەن سەرنشینەوە دەتوانێت بگوازێتەوە بۆ شوێنی مەبەست سەندیکاکەیان هیچ کێشەیەکی نابێت.

بە قسەی سەندیکا، ئەو بڕیارە بۆ رێکخستنەوەی کاری تاکسیە و بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت.