لە فڕۆکەخانە

هەولێر بەنیازە دۆلار بکاتەوە بە 132 هەزار

وریا فەتاح

لەبارەى پێدانى دۆلار بە گەشتیاران بە نرخى بانکى ناوەندى، بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر بە 964ـى وت،”تائێستا پرۆسەکە دەستى پێنەکردووەتەوە، بەڵام هەوڵەکانمان بەردەوامن و چاوەڕێى رەزامەندین”.

هەرچەندە لێرە و لەوێ دەوترێت پێدانى دۆلار بە گەشتیاران بەو نرخەکەى کە بانکى ناوەندى دیاریى کردووە (100 دۆلار بەرامبەر 132 هەزار دینار)، لە فڕۆکەخانەى هەولێر دەستى پێکردووەتەوە، بەڵام 964 قسەى لەگەڵ ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى هەولێر کرد، ئەو رەتى کردەوە کە پڕۆسەکە دەستیپێکردبێتەوە.

هەوڵ هەیە و نوسراو کراوە بۆ بەغدا کە پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام وەک ئەوەى ئەحمەد هۆشیار باسى دەکات، چاوەڕێى رەزامەندى بانکى ناوەندین و هیچ وادەیەکی دیاریکراویش نییە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى پرۆسەکە.

ئەوەى هەیە تاوەکو ئەمڕۆ 20.9.2026 هیچ بنکە و بانکێکی فەرمی لە ناو فڕۆکەخانەی هەولێردا نییە دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی 132 هەزار راستەوخۆ بداتە گەشتیاران.

لە ئێستادا فڕۆکەخانەکانى عێراق، دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی دەدەنە عومرەکاران و گەشتیاران، بەڵام ئەم بڕیارە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی (هەولێر و سلێمانی) نەگرتووەتەوە.

دەستپێکردنەوەى پرۆسەکە، رەزامەندی و بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق (CBI) پێویستە، چونکە ئەو لایەنە بەرپرس و خاوەن دەسەڵاتی سەرەکییە لە دیاریکردنی سیستەمی دارایی و دابەشکردنی دراو لە فڕۆکەخانەکانی تەواوی عێراقدا.

پرۆسەىسەی فرۆشتنی دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی 2024 بە فەرمانی بانکی ناوەندیی عێراق راگیرا و تائێستاش دەستى پێنەکردووەتەوە.