جادەوبانی سەنگەسەر قیرڕێژ کرا

964+

مەجید بتوێنی

لە شارۆچکەی سەنگەسەر ناوەندی ناحیەی ناودەشت لە قەزای پشدەری ئیدارەی ڕاپەڕین،  دەستکرا بە قیرکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی لوتکەی ناو شارۆچکەی سەنگەسەر.

دلێر ئیسماعیل، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی ناودەشت بە 964ـی راگەیاند، رێگەکە درێژیەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەترە  بە گوژمەی 423 ملیۆن  دینار لەسەر بوجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین چووەتە بواری جێبەجێ کردن، لەلایەن کۆمپانیای راکانی نوێ جێبەجێ دەکرێت.

بە تەواوبوونی قیرتاوکردنی ئەم رێگە سەرەکییە کە شارۆچکەی سەنگەسەر و بناری قەندیل بەیەکەوە دەبەستێتەوە گرفتی هاتوچۆی ناوشارۆچکەکە چارەسەردەکات، دلێر ئیسماعیل وای وت.

کاروان قادر، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەی قیرتاوکردنی رێگەکە بە 964ـی وت، شەقامەکە 15 مەتر پانە و هەزارو 700 مەتر درێژە، لەگەڵ چەند کۆڵانێکی تر قیرتاو دەکرێن و بەگورجی کاری تێدادەکرێت لەئێستادا 20%ـی رێگەکە قیر کراوە و کارکردن بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی