وەزارەتی ناوخۆ: لە ساڵێکدا زیاتر لە 17 ھەزار چەکی بێ مۆڵەت تۆمارکراون

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ماوەی ساڵێکدا، زیاتر لە 17 ھەزار چەکی بێ مۆڵەت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە تۆمارکراون و خاوەنی ئەو چەکانە بۆیان نییە چەکەکانیان بۆ دەرەوەی ماڵەکانیان ھەڵبگرن.

ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئەو کەسانەی چەکەکانیان تۆمارکردووە، تەنیا دەتوانن لە بازاری فرۆشتنی چەک بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی پێوە بکەن.

راشگەیاند، وادەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت کۆتاییھاتووە و ھەر کەسێک بە چەکەوە بگیرێت رووبەڕووی دادگاکان دەکرێتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە کردووە و داوای ھەماھەنگی دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی ھەڵگرتنی چەک و دەڵێت، رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ ھێشتنەوەی چەکی ھێزە ئەمنییەکان لە دوای تەواوبوونی دەوامی رەسمییان لە فەرمانگەکانیان.

“لە بنکەکانی پۆلیسدا جبەخانە دەکرێنەوە تا کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ لە دوای تەواوبوونی دەوام، چەکەکانیان لە بنکەکانیان جێبھێڵن”، ھێمن میرانی وای وت.