500 هەلیکار بۆ گەنجانی زاخۆ دەڕەخسێت

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

پروژەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ بەردی بناغەی دانرا و دوو ساڵ دەخایەنێت، جگە لە چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغی دەیان هەلیکاریش دەڕەخسێنێت.

پروژەکە لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە  بەناوی ( TOGA PORTO MARINA ) لەسەر لێواری خابووری زاخۆ دروستدەکرێت، لەسەر رووبەری هەشت دونم زەوی.

ماوەی تەواو بوونی پرۆژەکە دوو ساڵە و تەواوی لێواری خابوور دەگرێتەوە و بە گوژمەی شەش ملیون و 100 هەزار دولاری ئەمریکی.

جگەرخوین تاهر، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی زاخۆ بە 964ـی وت، ئەم پڕوژەی گەشتیارییە زۆر گرنگە چونکە 500 هەلیکار بۆ گەنجانی زاخۆ دەڕەخسێنێت، لەم پڕۆژەیەدا هەشت خواردنگە و پێنج کافتریا و 54 کۆشک و ژمارەیەکی گۆمی ئاو و یاری منداڵان و باخچە هەیە، لەگەڵ پارکێکی ئۆتۆمبێل.

وتیشی، ئەم پرۆژەیە قۆناغ قۆناغ دەبێت و تا تەواوی زاخۆ دەگرێتەوە، ئەوان وەک وەبەرهێنان هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە دەکەن کە پرۆژەی هاوشێوەیان هەیە

پێداچوونەوە: توانا نەقی