رێگریان لێکراوە

“چەکدارانى جورف سەخەر مۆبایل و کامێرایان لە لیژنەکەى سەرۆک وەزیران وەرگرتووە”

964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پەردە لەسەر رێگریکردن لە لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی سەرۆکوەزیران لە جورف سەخەر هەڵدەداتەوە و دەڵێت، چەکدارەکان مۆبایل و کامێرایان لێوەرگرتوون و 200 چەکدار دەوریان داون.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە 964ـی راگەیاند: کاتێک لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی سەرۆکوەزیران بۆ دۆسیەی جورف سەخەر گەیشتوونەتە ناوچەکە، لەلایەن چەکدارەکانەوە پشکنینیان بۆ کراوە و رێگرییان لێ کراوە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، چەکدارەکان مۆبایل و کامێرایان لە ئەندامانی لیژنەکە وەرگرتووە و رێگەیان نەداوە پاسەوان و شۆفێرەکانیشیان بچنە ژوورەوە.
مازن غەریب وتیشی،”ئەندامانی لیژنەکە نەیانوێراوە هەنگاوێک بنێن و 200 چەکدار لە دەوریان بوون”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەشکرد کە “دەوترێت 40 هەزار چەکدار لە جورف سەخرن”، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەو دۆسیەیە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح