لە دیاربەکرەوە تا دەربەندیخان

700 کیلۆمەتر لە پێناو فەقێیەتی و خزمەتی ئایینی ئیسلام

+964
هونەر فارس

ئەنەس رەزا گەنجێکی خەڵکی دیاربەکری باکووری کوردستانە و بۆ خزمەتکردنی رێبازەکەی 700 کیلۆمەتری بڕیوە.

ئەو بۆ خوێندنی بنەماکانی شەریعە رووی لە خانەقای شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین کردووە، لە قەزای دەربەندیخان.

فەقێ ئەنەس رۆژانە لەگەڵ فەقێکانی دیکەدا ئەرکە ئایینیەکانیان بەجێدەهێنن و و دواتر دەست بە شووشتنی جلوبەرگ و ئامادەکردنی خواردن دەکەن و ئێوارەش هەموو لەسەر یەک سفرە بۆ نانخواردن کۆدەبنەوە.

فەقێکان رۆژانی سێشەممە و هەینی پشوو وەردەگرن و ئەوانەی لە نزیکن سەردانی خێزانەکانیان دەکەن و ئەوانەی کە لە دوورەوە هاتوون، پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە دەکەن.

مزگەوت و خانەقای شێخ عوسمان سیراجەدینی بیارە لە دەربەندیخان لە ساڵی 1991ـەوە دروستکراوە و بووەتە شوێنی پێگەیاندنی فەقێ و مامۆستای ئایینی، تا ئێستاش شەوانی سێشەممە و هەینی زیکر و حەڵقەی دینی تێدا دەبەسترێت.