پاسەوانێک کوژرا

داعش بەرپرسیاریەتیی هێرشێکی لە کەرکوک گرتەئەستۆ

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

رێکخراوی داعش، بەرپرسیاریەتیی هێرشەکەی سەر ماڵی بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوجەوانانی کەرکوکی گرتە ئەستۆ، کە بە هۆیەوە پاسەوانێکی ئەو بەرپرسە کوژرا.

درەنگانی شەوی 18.7.2023، لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکوک، لە نزیک شەقامی پشتێنەی کەرکوک، تەقە لە ماڵی عەمید غەریب بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوجەوانان کرا و لە ئەنجامدا پاسەوانێکی کوژرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، داعش لە راگەیەندراوێکدا کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردووەتەوە وتی، چەکدارەکانی ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە.

لە بارەی هێرشەکەوە، سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، لە لایەن شۆفێری ماتۆرسکیلێکەوە تەقە لە پاسەوانی بەردەرگەی ماڵی ناوبراو کراوە و کوشتوویەتی، پاشان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە.

وتیشی، ئەو کاتەی تەقە لە ماڵەکە کراوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوجەوانان لە ماڵەوە نەبووە، لێکۆڵینەوەکانیش لە رووداوەکە بەردەوامن.