وەزیر وا دەڵێت

بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە مێژووی عێراق تۆمار نەکراوە

فەهمی نەبی

وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە کۆتایی هێنا بە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵ، وەزیری بازرگانی دەڵێت، ئەمساڵ لە مێژووی عێراقدا تۆمارنەکراوە.

وەزیری بازرگانی عێراق ئەسیر غورەیری دەڵێت، عێراق گەیشتە ئاستی خۆبژێوی و سەرکەوتوو بوو لە رێگریکردنی بردنەدەروەی گەنم بە قاچاخ.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پێشووتر وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئاستی بەرهەمی گەنم ئەمساڵ گەیشتووەتە چوار ملیۆن تۆن.

رێکەوتی 15.7.2023 لە هەرێمی کوردستان دوا رۆژ بوو گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت، رۆژی دواتر وەزارەتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بەتێکڕا 500 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، کە بۆهەر تۆنێک 850 هەزار دینار دیاریکرابوو.

وەرزی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران ئەمساڵ لە 25.5.2023 دەستیپێکرد، لە 15.7 کۆتایی پێهات.

ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی بازرگانی عێراق کۆتایی بە پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەنم هێنا، بەمەش عێراق ئەمساڵ چیتر گەنم ناکڕێت و گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی.