یانەی هەولێر بەبێ یاریکردن سێ خاڵی وەرگرت

964+

هێژا خەسرەو – هەولێر

لە گەڕی 38 و کۆتایی خولی نایابی عێراق یانەی هەولێر سێ خاڵی بەبێ یاریکردن وەرگرت.

بەهۆی ئامادەنەبوونی یانەی ئەلقاسم یاریزانانی هەولێر ماوەی 15 خولەک لە ناو یاریگا چاوەڕێیان کرد و دواتر بە براوە دانران.

سەبارەت بە چاوەڕێکردنی یاریزانانی هەولێر وەلید عەبدولرەحمانی ناوبژیوانی چوارەمی یارییەکە بە 964ی وت، راستە یانەی ئەلقاسم بە نووسراوی فەرمی ئامادەنەبوونیان لەم یارییەدا راگەیاند، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە یەکێتی تۆپی پێی عێراق واژووی لەسەر نووسراوەکە نەکردووە و قبوڵی نەکردووە، دەبوو یاریزانانی تیپی بەرامبەر و ناوبژیوانانی یارییەکە لە ناو یاریگا ئامادەبن.

دکتۆر وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە 964ی راگەیاند، دوو رۆژ پشووە بۆ یاریزانانی یانەکەمان بەهۆی کۆتاییهاتنی خول، دواتر دەگەڕێینەوە و خۆمان بۆ یارییەکانی جامی عێراق ئامادەدەکەین، بۆ وەرزی داهاتووش جارێ هیچ پلانێکمان نییە.