کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: بۆ هەڵبژاردن لە هەرێم هێشتا بڕیارمان نەداوە
964+
فەهمی نەبی
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەهەرێم دەڵێت، کۆبونەوە لەگەڵ تیمی تەکنیکی دەکەین و بڕیاری کۆتایی دەدەین.
ئەمڕۆ هەینی، داود سلێمانی بەڕێوەبەری کاروباری راهێنان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ئەوان دوای ئەوەی لەهەرێمی کوردستانەوە داخوازینامەیەکیان بۆ هاتووە، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بڕیاریانداوە لەگەڵ تیمی تەکنیکی کۆمسیۆن بەمنزیکانە بڕیاری کۆتایی لێ بدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی پێشوو عیماد جەلیل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمسیۆن رایگەیاندبوو زەحمەتە بتوانن، لەیەک کاتتدا سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بکەن.
بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت.
لە 26.3.2023 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 90 داوای لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، لە هەمان کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجام بدرێت.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکانی شەنگال دەڵێت، ئەوان مافی ئەوەیان هەیە لەهەر شوێنێکی عێراق بن، ناوی خۆیان لە بنکەکان تۆماربکەن.
کۆمسیۆن رایگەیاندووە، 281 حزب ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردن تۆمارکردووە، بەڵام لەو ژمارەیە 11 حزبیان بەشێوەی مەرجدار ناویان تۆمارکراوە، چاوەڕوانی دەستەی لێپرسینەوەن بۆ دڵنیایی، ئەمە جگەلەوەی 41 هاوپەیمانی تۆمارکراون و 14 حزبی نوێش ناویان تۆمارکردووە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەزار و 800 تیمی گەڕۆک و هەزار و 79 بنکەی کردوەتەوە لەسەرانسەری عێراق.