بە نوێنەرایەتی هەرێم دەچێتە پۆڵەندا

تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر بەشداری فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی دەکات

فەرهاد حەسەن

رۆشنبیری و هونەری هەولێر بڵاویکردەوە، تیپی هونەرە میللییەکەیان بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی دەکات.

فێستیڤاڵەکە، ناوی Vistula Folk Festival لە شاری پۆڵۆک لە کۆماری پۆڵەندا لە رۆژانی 17 تاوەکو 24.8.2026 بەڕێوەدەچێت.

Vistula Folk Festival  یەکێکە لە فێستیڤاڵە فۆلکلۆرییە نێودەوڵەتییەکان و لە تۆماری CIOFF ــی نێودەوڵەتیدا بە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی ناسێندراوە و جۆرە جیاوازەکانی فۆلکلۆر لەخۆدەگرێت، لەوانە هەڵپەڕکێی میللی، مۆسیقای فۆلکلۆری، یارییە نەریتییەکان، پیشاندانی پیشەسازی و هونەرە نەریتییەکان و بەرنامە کەلتوورییەکان. (CIOFF International⁠)

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر دەڵێت، بۆ تیپێکی وەک تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر، ئەم بەشدارییە تەنیا نمایشکردنی هونەر نییە، بەڵکو درێژەدانە بە ئەو ئەرکە کە لە بنەڕەتەوە لەسەر شانی تیپەکە بووە لەوانەش پاراستن، نوێکردنەوە و گواستنەوەی هونەر و کەلەپووری میللیی کوردی بۆ نەوەکانی داهاتوو.