هاتوچۆی سلێمانی وا دەڵێت

ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لە کۆلانەکان رابگیرێت سزا دەدرێت

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

دیاردەی راگرتنی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری گەورە لە ھەندێک لە کۆڵانەکاندا بووەتە جێگەی بێزاری ھاوڵاتیان، ھاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، ھەرکەسێک ئەو دیاردەیەی بینی پەیوەندیان پێوە بکات.

راگرتنی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری گەورە لە کۆڵان و شەقامەکاندا بەپێی یاسا قەدەغەیە.

ھەر ھاوڵاتیەک ئۆتۆمبێلێکی لەو شێوەیەی بینی لە کۆڵان و شەقامەکاندا راگیرابوو، سەردانیان بکات و سکاڵا پێشکەش بکات، دڵنیایی دەدرێتێ ناسنامەی کەسی سکاڵاکار ئاشکرا ناکرێت، ئەمە بە قسەی عەقید بەھمەن ئەحمەد بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ناوشار بەشی رۆژئاوا بە 964 وتووە.

ئەو کارە بە مەبەستی پاراستن و سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیانە، بە تایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی کاریان گواستنەوەی سوتەمەنیە، لەبەر ئەوەی پێشھاتی خراپی ھەیە.

عەقید بەھمەن وتی، مەبەست لەو کارە دوورخستنەوەی مەترسییە لە کۆڵانەکان پێویستە بارھەڵگرەکان لە گەراجی تایبەت بە خۆیان لە دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێ بوون پارک بکرێن، بڕی 30 ھەزار دینار سزای خاوەنی بارھەڵگرەکان دەدرێت بەرامبەر راگرتنیان لە کۆڵانەکاندا.

لە ساڵانی رابردوودا ھاتوچۆی سلێمانی داوای دروستکردنی دوو پارکی تایبەت بە راگرتنی بارھەڵگرەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی بۆ نەنراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی