بەپەلە منداڵەکانتان بکوتن
تەندروستی هەولێر هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتای “سوورێژە” لەناو منداڵان بڵاودەکاتەوە
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر، هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتای”سوورێژە” کە لە هەولێر (سۆریکە)شی پێدەڵێن لەناو منداڵاندا دەدات و داوا لە دایکان و باوکان دەکات پەلە بکەن لەکوتانی منداڵەکانیان بەپێی خشتەی بنکە تەندروستییەکان.
تەندروستیی هەولێر شەش رێنمایی سەرەکیی بۆ خۆپارێزی و مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە گوماناوییەکان بڵاوکردووەتەوە:
– نیشانە سەرەکییەکانی “سمرێژە” بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە (تا) و دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەسەر پێست.
– پێویستە دایکان و باوکان پابەندی خشتەی کوتانی منداڵەکانیان بن، چونکە تاکە رێگەی سەرەکییە بۆ دووربوون لەو نەخۆشییە.
– ئەو منداڵانەی گومانی سوورێژەیان لێدەکرێت، دەبێت لە ماڵەوە یاخود لە نەخۆشخانە جیا بکرێنەوە، ماوەی جیاکردنەوەکەش تاوەکو چوار رۆژ دوای دەرکەوتنی پەڵە سوورەکان بەردەوام دەبێت.
– پێویستە نەخۆش لە بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی دیکە دوور بکەوێتەوە، بەتایبەت ئەو منداڵە بچووکانەی کە هێشتا نەکوتراون یان سیستمی بەرگریی جەستەیان لاوازە.
– دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام، هەواگۆڕکێی باش، پێدانی بڕێکی زۆر لە شلەمەنییەکان و خواردنی تەندروست بۆ رێگریکردن لە وشکبوونەوەی جەستەی منداڵ.
– جیاکردنەوەی کەلوپەلەکانی خواردن و خەوتن و خاولی و فڵچەی ددانی کەسی تووشبوو لە ئەندامانی دیکەی خێزان.
تەندروستی هەولێر جەخت دەکاتەوە، لەکاتی تێکچوونی باری تەندروستیی منداڵ یاخود دەرکەوتنی نیشانە نائاسایییەکان، پێویستە بە زووترین کات سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی یان نەخۆشخانە بکرێت.
داواشی لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن کردووە هاوکاربن لەبڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشیی (سۆریکە) لە نێو منداڵاندا کە پەتایەکی گوازراوەیە.