دیمەنێک لە یارییەکە. فۆتۆ:964
لە دوا وێسگەی خولی عێراقدا نەورۆز تووشی شکست هات
+964
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە دوا وێسگەی خولی نایابی عێراق، یانەی جەوییە بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر شکستی بە نەورۆز هێنا.
لە یارییەکانی دواگەڕی ئەم وەرزەی خولی تۆپی پێی یانە پلە نایابەکانی عێراق، یانەی نەورۆز لە یاریگەی سلێمانی میوانداریی یانەی قوەی جەوییەی کرد.
گێمی یەکەم هەردوو یانە لە ئاستەوە لێک نزیک بوون و یاریزانان هەوڵەکانیان بۆ تۆمارکردنی گۆڵ چرکردبووەوە، بەڵام ئەم گێمە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
گێمی دووەم بە هەمان شێوە یاریزانان لێرەولەوێ هێرشەکانیان ئەنجام دەدا، بە ئومێدی ئەوەی تۆڕی گۆڵ بهەژێنن، بەڵام دواجار یانەی میوان سەرکەوتووبوو لە ئامانجەکەی و لە خولەکی 87 شەریف عەبدولحەکیم گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد و یارییەکەش بە گۆڵێک لە سوودی جەوییە کۆتایی هات.
بەم سەرکەوتنە یانەی جەوییە کۆی خاڵەکانی بەرزکردەوە بۆ 78 خاڵ و پارێزگاری لە پلەی دووەمی ریزبەندی کرد، یانەی نەورۆزیش بە کۆی 51 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی نۆیەم مایەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا