وێنەگری ده‌زگه‌ی میدیایی وشە لە کەرکوک دەستگیرکرا

+964
كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

دره‌نگانی شەوی رابردوو محەمەد وەهاب وێنەگری دەزگه‌ی میدیای “وشە” لە شاری کەرکوک لە لایەن دەزگه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا و تا ئێستا چاره‌نووسی نادیاره‌.

بەپێی زانیارییه‌كانی 964+ محەمەد وەهاب پێشوەختە ئاگادارنەکراوەتەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لەو وێنه‌گره‌ رۆژنامه‌وانییه‌، کە نه‌یویست ئاماژه‌ به‌ ناوه‌كه‌ی بكرێت، به‌ 964+ی وت، كاتژمێر ١:٠٠ی شه‌وی رابردوو لە نێو کافتریایەکی گه‌ڕه‌کی ئیسکانی شاری كه‌ركوك لە لایەن ئاسایشی نیشتیمانی عێراقییه‌وه‌ بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە.

وتیشی، “تا ئێستا هۆکاری ده‌ستگیركردنەکەی نازانین و لە هەوڵی ئەوەداین هۆكاره‌كه‌ی بزانین، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ شەممەیە و پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگه‌کانی حکومەت، دۆسییه‌کە بۆ سبه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ و رەوانەی دادوەر دەکرێت”.

سه‌رباز ساڵح، به‌رپرسی ده‌زگه‌ی وشه‌ به‌ 964+ی راگه‌یاند، “ئاگه‌داركراوینه‌ته‌وه‌ وێنه‌گره‌كه‌مان له‌ كه‌ركوك ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام پێمان سه‌یره‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگا‌داربكرێته‌وه‌ هێزێكی ئاسایشی نیشتمانی له‌ كافتریایه‌ك گرتوویانه‌، ئه‌مه‌ میدیاكاره‌ و ناكرێت به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستگیربكرێت و ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كیشی هه‌بێت په‌یوه‌ندیی به‌ پۆلیسه‌وه‌ هه‌یه‌”.

وتیشی، پێشتر ئەوانی له‌ بوونی هیچ سكاڵا و كێشه‌یه‌ك ئاگا‌دارنه‌كردووه‌ته‌وه‌، په‌یوه‌ندیشیان به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كه‌ركوك كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاری ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی محه‌مه‌د وه‌هاب بزانن.

بە پێی بەدواداچوونی 964+، کە لە سەرچاوەیه‌كی تایبەت بە خۆیەوە لە ئاسایشی نیشتیمانییەوە وەریگرتووە، محه‌مه‌د وه‌هاب له‌سه‌ر سكاڵای هاوڵاتییه‌ك ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام پێشوەختە ئاگادار نەکراوەتەوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ زانیاریی زیاتری له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاشكرا نه‌كرد.