بۆ یەکەمجارە و مەرسومی بۆ دەرچووە

زمانی کوردی بە فەرمی دەچێتە ناو پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانی سوریا

فەرهاد حەسەن

ئاژانسی هەواڵی (سانا)ی سوری بڵاویکردەوە، زمانی کوردی وەک بەشێکی فەرمی و رێکخراو دەچێتە ناو ناوەندەکانی خوێندن لەو وڵاتە و ئەمەش بڕیارێکە لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026- 2027 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمەی بە هەنگاوێکی مێژوویی باسکردووە، بۆ پاراستنی مافە کولتووری و زمانەوانییەکان و ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مەرسومی ژمارە (13)ی ساڵی 2026 دایە کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە دەرچووە و لە مادەی سێیەمی مەرسومەکەدا هاتووە کە “زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی” دەناسرێت و رێگە دەدرێت لە قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکاندا بخوێندرێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە رێژەیەکی بەرچاوی کوردنشینیان تێدایە.

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی سوریا، زمانی کوردی وەک بابەتێکی ئارەزوومەندانە دەبێت و هەفتانە دوو وانەی بۆ تەرخان دەکرێت. ئامانجی ئەم بڕیارەش بەهێزکردنی فرەچەشنییە لە چوارچێوەی ناسنامەی نیشتمانیی یەکگرتووی سوریادا.