سلێمانی. وێنە:964
لە سلێمانی
نانەواخانەکان سەر پشکن چەند نان بە هەزار دینار دەدەن
دیلان محەمەد جەزا
لە سلێمانی لە هەندێک لە نانەواخانەکان هەشت نان بە هەزار دینار دەفرۆشن و لە هەندێکیاندا شەش نان بە هەزار دینارە،
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی دەڵێت، بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.
لە دوای گرانبوونی نرخی ئارد لە ساڵی رابردوودا، نرخی شەش نان لە فڕنەکان بووە هەزار دینار، بەڵام ئێستا نرخی ئارد دابەزیوە و هەندێک لە نانەواخانەکان دەستکاری نرخی نانیان نەکردووە.
سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە 964 وت، ئەو نانەواخانانەی شەش نان بە هەزار دینار دەفرۆشن ، دەبێت کێشی ئەنگوتکەکانیان “گونک” لە 130 بۆ 135 گرام بێت، ئەوانەشی هەشت نان بە هەزار دەدەن، دەبێت کێشی لە 90 بۆ 100 گرام بێت.
وتیشی، “نانەواخانەکان سەرپشکن کام شێوازە بەکاردێنن”.
ئەگەر نرخی ئارد هەرزانتر ببێت و ئەو کاتە کێشی ئەنگوتکەکانیان پێ زیاد دەکرێت، ئێستا نرخی ئارد لە 25 هەزار بۆ 36 هەزار دیناردایە”، سۆران غەفور” وادەڵێت.
لە هەولێریش دوو جۆر نان لە فڕنەکان دەفرۆشرێن، جۆرێکی گەورەیە و چوار نان بە هەزارە، جۆرەکەی دیکەشی بچووکە و هەشت نان بە هەزار دینارە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا