رێگە سەرەکییەکانی گۆپاڵە نۆژەن دەکرێنەوە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

قیری رێگە سەرەکییەکانی نێو شارۆچکەی گۆپاڵە، پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە و بەشێکی قیری شەقامەکان هەڵتەکاون و چاڵ و چۆڵی زۆری لێ دروست بووە، بڕیارە بە پارەی مەزادی چەند پارچە زەوییەک نۆژەن بکرێتەوە.

شارۆچکەی گۆپاڵە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای بازیانە، دانیشتووانەکەی نزیکەی چوار هەزار بۆ پێنج هەزار هاوڵاتی دەبێت.

بڕیارە بەشێک لەو پارەیەی لە خستنە مەزادی 61 پارچە زەوی، کە لە ناحیەی گۆپاڵە دەستدەکەوێت، قیرتاوی شەقامە سەرەکییەکانی پێبکرێت.

ئاوارە لەتیف، سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی گۆپاڵە بە 964ی وت “چاوەڕێین ئەو زەویانە بدەین بە فەرمانبەران و بەو پارەیە، رێگەی ناو شارۆچکەی گۆپاڵە چاک بکەین، چوارمانگ دەبێت دەرخستەمان بۆی کردووە”.

سەرۆکی شارەوانیی گۆپاڵە هاوکات ئەوەشی وت، “لە پلانی ساڵی 2023 داومانە بە قایمقامیەتی بازیان و نزیکەی 190 ملیۆن دینارمان پێویستە”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی