خێرخواز دروستی دەکەن

بنکەیەکی نوێی تەندروستی لە هەولێر دەکرێتەوە

+964
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر

لەسەر رووبەری هەزار و 270 مەتر دووجا، بەردی بناغەی دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستی خێرخوازی لە گەڕەکی بەختیاریی هەولێر دانرا، وەزارەتی تەندروستی چاودێریی بنکە تەندروستییەکە دەکات و ئامێر پێشکەوتووی پزیشکی بۆ دابین دەکات .

بنکە تەندروستیەکە لە جۆری (B) دەبێت، له‌ ژووری پزیشکی منداڵان و گشتی، ژووری تیشک، تاقیگە و دەرمانخانە، بەشی کارگێڕی کۆگا، ژووری مانەوەی دکتۆری ئێشگر پێکدێت .

ئەمیر سەعدی، ئەندازیاری پڕۆژەی دروستکردنی بنکەی تەندروستیی بەختیاری، بە 964 وت، “رووبەری بیناکە 470 مەتر دووجا دەبێت، سێ هەزار خێزان لە داهاتوو دەتوانن سوودمەندبن، لە خزمەتگوزارییەکانی بنکە تەندروستییەکە، پزیشکی ددان و برینپێچی و چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌كی دیكه‌ی تێدا ده‌بێت”.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 145 نەخۆشخانەی حکومی و ئەهلی هەن، 83 نەخۆشخانەی حکومین و 62 نەخۆشخانە ئەهلین، نەخۆشخانە حکومییەکان زیاتر لە 57 % نەخۆشخانەکان پێکدێنن، لە هەولێر 27 نەخۆشخانە ی حکومی و 29 نەخۆشخانەی ئەهلی هەن، هەروەها زیاتر لە 99 بنکەی تەندروستی و 174 بنکەی لاوەکی هه‌ن لە هەولێر خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن، هه‌روه‌ها 110 هۆڵی نەشتەرگەری و 30 سەنتەری پسپۆڕی لە ناو نەخۆشخانەکان هه‌ن و دوو هەزار و 550 قەرەوێڵە بۆ نەخۆش به‌رده‌ستن .

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا