ئاوێکى جوان
لە سۆران کانیاوێک “تەقی”؛ دنیادیدەیەک دەڵێت نزیکەى 50 ساڵە شتى وام نەیدوە
وریا فەتاح
لە گەڕەکی سەروچاوەی قەزای سۆران، دیاردەیەکی سروشتی دەگمەن و سەرنجڕاکێش بووەتە جێی باسی دانیشتووانەکە، کانیاوێکی بەهێز لە شوێنێک هەڵقوڵاوە کە پێشتر هەرگیز ئاوی لێ نەبووە.
ئەم کانیاوە تەنها ئاوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بە فشارێکی هێندە زۆر لە قووڵایی زەوییەوە دێتە دەرەوە، کە دیمەنەکەی جیاوازە لە هەموو کانیاوەکانی تری ناوچەکە.
مام ستار رەسوڵ، کە پیاوێکی دەمەو 70 ساڵە و ماوەی 45 ساڵە لەو گەڕەکە نیشتەجێیە، بە سەرسامییەوە دەڵێت: ” 45 ساڵە لێرەم، ئەمە یەکەمجارە ببینم لێرە کانیاو بتەقێت، بە درێژایی تەمەنم شتی وام نەدیوە.”
ئەو پیاوە بەتەمەنە باس لە هێزی ئاوەکە دەکات و دەڵێت، کاتێک دەست دەخەیتە ناو ئاوەکە، هەست بە تەوژمێکی هێندە بەهێز دەکەیت وەک ئەوەی بە “موزەخە” پاڵی پێوە بنرێت.
ئەم بووژانەوە بێوێنەیەی سەرچاوە ئاوییەکان، دوای ئەو شەپۆلە بارانبارینە زۆرە دێت کە ئەمساڵ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح