هەم زیارەت و هەم تیجارەت

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

رۆژانی هەینی، پێش دەرگای مزگەوتەکان لە هەرێمی کوردستان دەبێتە بازاڕی فرۆشتنی سەوزە و میوە و هەندێک پێداویستی دیکەی ناو ماڵ، ئەمە لە دهۆکیش هەیە بە شێوەیەکی فراوان.

لە دهۆک پێش دەرگای بەشێکی زۆر لە مزگەوتەکان، وەکۆ بازاڕێکی گەورەی لێدێت، هەموو جۆرە میوە و سەوزە، پسکیت و شیرینی، شیر و ژاژی و پەنیر و هەنگوین و کەل و پەلی کارەبا لە پێش دەرگای مزگەوتەکان دەفرۆشرێن.

سەفەر تەییب، خەڵکی گەڕەکی بەروشکێ لە ناوەندی دهۆک، ئەو لە رۆژانی هەینی سەوزە و میوە لە پێش دەرگای مزگەوتی بەرۆشکێ دەفرۆشێت، بە 964+ی وت، “هەموو رۆژانی هەینی کاتژمێر ٧ی بەیانی میوە و سەوزە لە پێش دەرگای مزگەوت دادەنێم، ئەگەر کەسێک بیەوێت شت بفرۆشێت دەبێت بەرەبەیانی زوو بێت و شوێنەکەی خۆی بگرێت، چونکە دواتر دەستناکەوێت”.

ئەو دەڵێت، “ئەمڕۆ٥٠ عەلاگە سێوم هێناوە، یەک عەلاگەی پڕ لە سێو بە هەزار دینار دەفرۆشم، لە بازاڕ یەک کیلوی بە ٧٥٠ دینارە”.

سدقی محەمەد شەریف، دانیشتووی گەڕەکی بەرۆشکیە، بە 964+ی وت، “رۆژانی هەینی دوای تەوابوونی نوێژ، کۆمەڵێک پێداویستی ماڵ دەکڕم، ئەمڕۆ پێنج کیلۆ سەوزە و میوەم کڕی لەگەڵ دوو کارتۆن پسکیت، نرخیان زۆر هەرزان بوو بەراورد بە بازاڕ”.

964+ پرسیاری کرد لە ژمارەیەک هاوڵاتی دیکە، ئەوانیش هەمان بۆچوونیان هەبوو.