ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 هەزار تۆن قارچک بەرهەم دێت

964+

فەهمی نەبی

بە پێی ئەو داتایانە بێت، کە وەزارەتی کشتوکاڵ لە بارەی بەرهەمی قارچک بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 490 تۆن قارچک بەرهەم دێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ئاماری چوار ساڵەی کارەکانی، ژمارەی پڕۆژە و بەرهەمی ساڵانەی قارچکی بڵاوکردووەتەوە، لە هەرێمی کوردستان 11 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک هەن، چوار پڕۆژە لە هەولێر و سێ پڕۆژەی دیکە لە سلێمانی و پڕۆژەیەک لە دهۆک و یەکێکی دی لە گەرمیان هەن، جگە لە دوو پڕۆژەی دیکە لە هەولێر و سلێمانی لە ژێر کاری جێبەجێکردندان.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بێت، لە ساڵی 2013 -ەوە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی قارچ لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە، ئەو 11 پڕۆژەیەی هەیە هەلی کاری بۆ 310 کەس دروستکردووە.

زۆرترین رێژەی بەرهەمهێنانی قارچک لە پارێزگای هەولێرە، ساڵانە چوار هەزار تۆن و 450 کیلۆ قارچک بەرهەم دێت، لە پارێزگای سلێمانی 770 تۆن و لە پارێزگای دهۆک 20 تۆن و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ساڵانە 250 تۆن قارچک بەرهەم دێت.

قارچک رووەکێکە بە شێوەی خۆڕسک دەڕوێت و بە شێوەی بەرهەمهێنانی دەستکاری مرۆڤیش هەیە، سەرچاوە زانستییەکان دەڵێن، قارچک دەوڵەمەندە بە ئاسن، مس، مەگنیسیۆم، زینک، سیلینیۆم و پۆتاسیۆم.