ئەمڕۆ خۆپیشاندانیان کردبوو

لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ کێشەی گەنمی جوتیارانی هەولێر پێکهات

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی کشتوکاڵ لیژنەیەکی بۆ کێشەی ئەو جوتیارانە پێکهێنا کە کارتیان وەرگرتووە و تا ئێستا گەنمیان لێوەرنەگیراوە.

لیژنەکە دوای ناڕەزایەتی ژمارەیەک جوتیاری سنوورە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر پێکهێندرا، کە ئەمڕۆ لە بەردەم سایلۆی هەولێر گردبوونەوە و داوایان کرد گەنمەکەیان لێوەربگیرێت.

964 دەزانێت، چەند رۆژێکە 200 بۆ 250 بارهەڵگر لە سنووری سایلۆی هەولێر وەستاون، بەڵام بەڕێوەبەری سایلۆکە پێیوتوون جێگە نەماوە و ئەو 145 هەزار تۆن گەنمە وەرگیراوە کە بۆیان دیاری کراوە.

هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لیژنەکە لایەنی کەمتەرخەم دیاری دەکات لەو پرسەدا و دواتر وەزارەت رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر.

کێشەی ئەو جوتیارانە لەکاتێکدایە، وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێم سبەی شەممە 15.7.2023 کۆتایی پێدێت.