دەیکات بە ئەلیکترۆنی
پاسپۆرتی سلێمانی پێدانی پاسپۆرت بە سیستمی کۆن رادەگرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە هەفتەی داهاتووەوە، پاسپۆرتی سلێمانی دەستدەکات بە دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و بۆ ماوەی دوو رۆژ کاروباری دەرهێنانی پاسپۆرت رادەگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پێدانی پاسپۆرت بە سیستمی کۆن رادەگرن و لە رۆژی سێشەممەوە ئەو پرۆسەیە دەکرێت بە ئەلیکترۆنی.
“بەهۆی ئامادەکاری بۆ سیستمی نوێی پاسپۆرتی ئەلەکترۆنی، داوا لە هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دەکەین رۆژی یەکشەممە و دووشەممە 16 و 17ـی تەممووز، سەردانی پاسپۆرتی سلێمانی نەکەن بەمەبەستی مامەڵەی پاسپۆرت و وەرگرتنەوەی پاسپۆرت”، عەمید سالار عەبدوڵا وای وت.
پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی نرخی دەبێتە 100 هەزار دینار، بەڵام ئەو پاسپۆرتەی ئێستا لەلای هاوڵاتیانە نرخەکەی 25 هەزار دینارە.
لەگەڵ کارکردن بە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، رێنمایی نوێ دەردەچێت لە بارەی پاسپۆرتە کۆنەکانەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی ئەمساڵەوە کارکردن بۆ دانانی سیستمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە سلێمانی دەستیپێکردووە.