میلان کۆندێرا لەگەڵ تاعونەکەی کامۆدا گیانی لەدەست دا
964+
پێشەوا محەمەد
نووسەرێک کە کتێبەکانی لە ناو هەموو کتێبخانەکانی دنیادا بوو، دوێنێ چوارشەممە لە شوقەکەی خۆی لە پاریس، دوای ململانێی لەگەڵ نەخۆشیدا لە تەمەنی 94 ساڵیدا گیانی لەدەست دا.
کوندێرا لە ساڵی 1929 لە شاری برنۆی چیک لەدایک بووە، بەڵام لە ساڵی 1975 بەهۆی یەکەم رۆمانییەوە بەناوی |گاڵتەجاڕ” کە ساڵی 1967 بڵاوکرایەوە و رەخنەی لە سیستمی کۆمۆنیزم گرت لە وڵاتەکە دوورخرایەوە و رەگەزنامەشی لێوەرگیراوە، بەڵام ساڵی 2019 بۆی گێڕدرایەوە.
کۆندێرا لەو نووسەرانە بوو جیهانی ئەدەبیات پێویستی پێی بوو. گواستنەوەی رواڵەتە مرۆییەکان لە ئەندێشە و خەیاڵی کارەکتەرە واقیعییەکاندا لە رۆمانەکانیدا گرنگیی تایبەتی هەبوو.
ئەو نووسەرێک بوو زۆر قسەی نەدەکرد و پێی وابوو قسەی نووسەر لە بەرهەمەکانیدایە. کۆندێرا ساڵی 1976 بە رۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسیی راگەیاندووە، نیگەرانە لەوەی کارەکانی بە سیاسی ناودەبەن، چونکە بەو جۆرە گرنگییە راستەقینەکەیان ناهێڵن.
“سووکەڵەیی لە تاقەتبەدەریبوون” ناودارترین رۆمانی کۆندێرایە، کە تیشکی خستە سەر بەهاری پراگ و کۆتاییهاتنی پشێوی لەگەڵ چیکییەکان.
یەکێک لە هاوڕێکانی کۆندێرا بە تەلەفزیۆنی فەرمیی چیکی راگەیاندووە، لە کاتی نەخۆشییەکەیدا میلان کۆندێرا لە ماڵەوە لەسەر تەختی خەوەکەی تەنیا یەک کتێبی لابووە، ئەویش رۆمانی “تاعون”ـی ئەلبێرت کامۆی نووسەری فەڕەنسی بووە.
ئەو نووسەری راستییەکان بوو، خۆشی لە یەکێک لە وتەکانیدا دەڵێت، نووسەربوون واتا دۆزینەوەی راستییەک.
ئەو نزیکەی 50 کتێبی نووسی و بە زۆرێک لە زمانە زیندووەکانی جیهان دەخوێندرێتەوە.
میلان کۆندێرا بە مردنی کۆتایی نایەت، ئەو هەمیشە لە بەرهەمەکانیدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.