"هیچ شەڕ و پێکدادانێک روو نادات و بۆ خولی دووەم خۆم کاندید ناکەمەوە"
زەیدی: موچە مسۆگەرە و یەک ملیۆن پارچە زەوی دابەش دەکەین
ژێوار خدر
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆڕبەندی “دیالۆگی بەغدا” چەند مژدەیەکی بە هاوڵاتیان دا و رایگەیاند، موچەی فەرمانبەران پارێزراوە و بۆ ساڵانی داهاتووش پلانمان هەیە کە هیچ گرفتێکی بۆ دروست نەبێت.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی قسەکانی زەیدی، پڕۆژەی دابەشکردنی “یەک ملیۆن پارچە زەوی” بوو بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە هیچ زەوی و خانوویەکیان نییە، وتیشی، لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا هەموو ئەو کەسانەی شایستەن، زەوییەکەیان وەردەگرن.
لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنیشەوە، سەرۆکوەزیران دڵنیایی دا کە هیچ شەڕ و پێکدادانێکی سەربازی لە ئارادا نییە و هەموو لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون کە چەک تەنیا بەدەست حکومەتەوە بێت و کۆتایی بە دیاردەی چەکداری بهێنرێت.
پوختەی گرنگترین قسەکانی سەرۆکوەزیران:
– موچە دابین کراوە و یەک ملیۆن پارچە زەوی بۆ ئەوانەی خانوویان نییە دابەش دەکرێت.
– هیچ مەترسییەکی شەڕ نییە و رێگە نادەین دوژمنانی عێراق هەل بقۆزنەوە.
– بەهۆی رێکخستنەوەی مەسروفاتی سووتەمەنی، نزیکەی 18 تریلیۆن دینار بۆ دەوڵەت گەڕاوەتەوە.
– بودجەی ساڵی داهاتوو زیاتر بۆ چاککردنی کارەبا و وزەی خۆر تەرخان دەکرێت.
– دەمانەوێت هەناردەی نەوت زیاد بکەین و جگە لە بەندەری جەیهانی تورکیا، رێگای تر بۆ فرۆشتنی نەوت بدۆزینەوە.
– جارێکی دیکەی خۆم بۆ سەرۆکوەزیران کاندید ناکەمەوە و ئامانجم تەنیا بنیادنانی ئابوورییەکی بەهێزە.
– سندوقێک بە بڕی 100 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدان و پشتگیری خەڵکی کاسبکار و کەرتی تایبەت دادەمەزرێنین.