شێخ جەمالی گرپچنە بووە ئەندامی لێکۆڵینەوەی زانکۆیەکی هۆڵەندی

964+

فەهمی نەبی

کێڵگەی کشتوکاڵی شێخ جەمالی گرپچنە، وەک یەکەم کێڵگە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ڤاخنینگی هۆڵەندی دەستنیشانکراوە، خۆشی بووە بە ئەندامی تۆڕی لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی ئەو زانکۆیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو کێڵگە کشتوکاڵییە وەک یەکەم کێڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 13 -یەمین جوتیار لەسەر ئاستی جیهان ناوی لە تۆڕی نێودەوڵەتی (Light house farms) تۆمارکراوە.

کێڵگەکەی شێخ جەمال دەکەوێتە گوندی گرپچنە لە ناحیەی سەنگاو لە نێوان سلێمانی و چەمچەماڵ.

پرۆگرامی پەرەپێدانی تۆڕی نێودەوڵەتی (لایت هاوس فارم)ی زانکۆی ڤاخنینگی هۆڵەندی، کار لەسەر داهێنان و توێژینەوە کشتوکاڵییەکان دەکات، ئەم پرۆگرامە لەلایەن رێکخراوی IOM یارمەتیدەرێت.

شێخ جەمالی گرپچنە بۆ 964  دەڵێت، “بە بەرچاوی ماریانا دێبەرناردێنی نوێنەری زانکۆی ڤاخنینگی هۆڵەندی، پیتاندنم بۆ دوو جۆر تەماتە کرد، دەستنیشانکردنم لەسەر بنەمای گۆڕانکاری لە جۆری مریشک و تەماتە بوون”.

شێخ جەمالی گرپچنە، خانەوادەکەی لە سەرەتای شەستەکانەوە کێڵگەی کشتوکاڵیان هەیە، بەوتەی خۆی، لە دوای راپەڕینەکەی ساڵی 1991 کێڵگەکەی کردووە بە شوێنی لێکۆڵینەوە، بۆ پاقڵەمەنییەکان، گەنم و سەوزەکان.

شێخ جەماڵ دەڵێت، “تیمی زانکۆی ڤاخنینگی هۆڵەندی هاتنە کێڵگەکەم، بینیان توانیومە لەسەر ئاستی کوردستان 13 جۆر تۆی تەماتە بەرهەم بهێنم، توێژینەوەکان وایکرد من بچمە ناو ئەو پرۆگرامەوە”.

لە بارەی هۆکاری دەستنیشانکردنی ئەو وەک جوتیارێک لەو پرۆگرامەدا دەڵێت، “ئەوان سەرسام بوون بەوەی توانیومە دەستکاری جۆری مریشک بکەم، کە لە سێ رەگەز بەرهەمم هێناوە، لە مریشکی بازاڕ و ئەو مریشکەی لە کێڵگەکان بۆ هێلکەکردن هەیە و لەگەڵ مریشکی کوردی هەرسێکیانم تێکەڵ کردووە و مریشکێکی نوێ هاتووەتە بەرهەم، کە ساڵانە لە سەرووی 100 هێلکە دەکات و کێشی سێ کیلۆیە و کەڵەشێرەکەی زیاتر لە پێنج کیلۆ گۆشتی هەیە”.

شێخ جەمال ئەوەش دەڵێت، هەریەکە لە کۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی، پەیمانگای کشتوکاڵی سلێمانی و چەند مامۆستایەک لە کۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی سەڵاحەدین هاوکاری بوونە، ئەمە جگە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی.