لە ماڵەوە سەریان دەبڕێت

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

گۆشفترۆشێک لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی ئاژەڵەکانی لە ماڵەوە سەربڕیوە و گۆشتەکەی لە قەسابخانە بەبێ مۆری کوشتارگە بە هاوڵاتیان فرۆشتووە.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بون به ‌مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن، گۆشتفرۆشی هوانە داخرا و خاوەنەکەشی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

بە وتەی رێکان جەمال، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیانگرتووە بەسەر نزیکەی ٢٠ کیلۆ گۆشت کە لەلایەن گۆشتفرۆشی هوانەوە ئامادە کرابوو بۆ فرۆشتن.

“خاوه‌نی گۆشتفرۆشی هوانه ‌به‌بێ پشكنین ئاژه‌ڵه‌كانی سه‌ربڕیوه‌ و گۆشته‌كه‌شی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغکردوەتەوە،” رێکان جەمال وای وت.

بەپێی رێنماییەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، دەبێت ئه‌و گۆشته‌ی کە دوكانی گۆشتفرۆشه‌كان بەهاوڵاتیانی ده‌فرۆشن، پێشتر لە کوشتارگەی سلێمانییەوە پشکنینی بۆ کرابێت، له‌ دوای دڵنیابونه‌وه‌ و نەبوونی زیان بۆسەر تەندوستی، گۆشته‌كه‌ مۆر ده‌كرێت و ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه.