کێشەی جوتیارانی کەرکوک گەیشتە بەغدا
964+
پێشەوا محەمەد
کێشەی جوتیارانی کەرکوک گەیشتە بەغدا و دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کۆبوونەوەی زیاتر دەکەن.
رۆژی 9.7.2023 دەستەکە سەردانی بەغدای کردووە و ژمارەیەک کۆبوونەوەی ئەنجام داوە.
زیاتر لە مانگێکە جوتیارانی کوردی کەرکوک لەسەر زیاتر لە 100 هەزار دۆنم زەوی دەرکراون و بۆیان نییە بچنە سەر زەوییەکانیان و جوتیاری عەرەبیش بە بڕیارێکی رژێمی پێشووی عێراق هاتوونەتە سەر زەوییەکان.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، گرنگترین شت ئەوەبووە داوایان کردووە سوپا لەسەر ئەو زەویانە دوورکەوێتەوە و نەبنە بەشێک لە کێشەکە.
وتیشی، “کۆبوونەوەی زۆرمان کردووە و پێمان وتوون، دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری داد کۆبوونەوەی دیکە دەکەین”.